بەشداری ساسان خاتوونی ئەندامی تۆڕی نەدای زاگرۆس لە مەراسمی بەرز ڕاگرتنی یادی شاخەوانانی کۆچکردووی بانە لە شاری هامبۆرگ وڵاتی ئاڵمان

✍️ : ساسان خاتوونی

بۆتە هەوێنی شێعری پڕ لە خەم
چیای نیشتمان دەگێڕێ ماتەم

کاتێک ئەم شوێنە هۆبەی کوڕان بوو
شۆڕەسوارانی لە لا میوان بوو

کوڕانی چەشنی بەورەکەی بەیان
چەک لەشانانی رێگەی نیشتمان

ئێستێ بە دڵێکی خەمگین دەڕوانێ
جەنگاوەرانی بێنە مەیدانێ

تۆ بڵێی دیسان دەنگی رۆڵەکان
بەرز بێتەوە بەرەو ئاسمان

نەڕەی شێرانەی وەک بەوری بەیان
دەنگی پێشمەرگە ، رۆڵەی قارەمان

وا چیا و زۆزان ، هەواری رندۆڵ
ئاوێتەی بەفر و بۆران و سەهۆڵ

شاخ و دۆڵەکەی بێ خۆر و هەتاو
بە بەفر و سەهۆڵ یەکسەر داپۆشراو

دار بەڕوو وشک و گەڵای وەریوە
تەنانەت زەویش سڕ و تەزیوە

ئاوی روبار و کانی بەستوویە
کەژ و کێو شەختە یەکسەر گرتوویە

خۆرەتاو تینی لەوێ دزیوە
بە ناز روخساری لێ داپۆشیوە

کەشی سارد و سڕ ، کڕێوە باران
رێگە ناگرێ لە ئەوینداران

پۆل بە پۆل دێن و ئەوین دەنوێنن
سۆز دەبەخشن و تەزوو دەشکێنن

ئەمجاریش دەبێ هەڵکێشم سەد ئاخ
بۆ هاوڕێیانی سەر لووتکەکەی شاخ

بولبول بخوێنن بە هەزار هەزار
رێبوارەکانمان نەگەیینە بەهار

چاونەترسانی کەڵەکەجاڕی
نەورۆزیان نەدی ، رۆیین یەکجاری

گەرچی نیشتمان شێنگێڕە بەڵام
رەش ناکاتە بەر بە هۆی ئێش و زام

چون دەمێک ساڵە بە ئازار فێرە
بە ژان و بە خەم چاوانی تێرە

رۆڵەی ئەم خاکە بە عیشقی وڵات
گیانی شیرینیان دەکەن بە خەڵات